لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان تەوژمێکی دیکەی گوتاری توندڕەوی مەترسیدار لەسەر ئاشتەوایی و سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت. ئەم گوتارە لەلایەن چەند بانگخوازێکەوە بە زمانێکی زبر ئاڕاستە دەکرێ و ھزری توندئاژۆ بەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو دەکرێتەوە. بڵاوکردنەوەی پەیامی دژە ماف و ئازادییەکانی ئافرەت و دەستوەردان لە شێوازی ژیان و بژاردە تایبەت و کەسیی و بەھاکانی خێزان و پۆڵێنکردنیان بەسەر پەسەند و ناپەسەند. ھاندان و تەرویجکردن بۆ فرەژنی، جگە لە نائارامی و ئاژاوە و توندوتیژی ھیچی تر بۆ خێزان ناھێنێ و ھاندانی ڕای گشتی دژ بە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، گومانی تێدا نییە کە مەترسییە لەسەر سیما پێشکەوتوەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوە مەدەنییەکان. لە ئاکامی ئەم جۆرە گوتارە سەدان ئافرەت دەکەونەبەر پەستان و توندوتیژی خێزانی بۆ فەرزکردنی جۆرە پۆشاکێک و سەدان ھەوڵی دوورخستنەوەیان لە فەزای گشتی و بەستنەوەیان بە چواردیواری ماڵ دەدرێت. ئەمەش کۆمەڵگە بەرەو پشێوی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەکا و مەترسییە لەسەر فرەیی و پێکەوەژیان و پرەنسیبەکانی یەکسانی و بێ بەش کردنی کۆمەڵگە لە وزە و توانای نیوەی سامانە مرۆییەکەی کە ئافرەتانن. ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەژێر دروشمی ھاوسەنگی، ھاوبەشی و ھاودەرفەتی؛ لەسەر بنەمای گوتاری عەقڵانی و شارستانی دوور لە پەرچەگوتار و کاردانەوە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و پێویستی بنەماکانی فرەیی و پێکەوەژیانی بیروڕا جیاوازەکان و بەڕێوەچوونی ململانێ فیکرییەکان لە خزمەت پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پرسی ئافرەت، ھەوڵ و تێکۆشانی خۆمان ئاڕاستە دەکەین و بژاری کراوەی بەردەممان تەنھا یاسا و دامەزراوە دادوەری و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بنبڕکردنی جیاکاری و توندوتیژی ڕەگەزیی وەک یەکێک لە ھێڵە سەرەکییەکانی کارنامەکەی چەسپاندووە، لەو چوارچێوەیەشدا ھەنگاوی کرداریمان گرتۆتەبەر . دووپاتیشی دەکەینەوە ڕێکخراوەکەمان ڕێزی تەواو و بێپایانی بۆ ھەموو بیروڕا و ئایینە جیاوازەکان ھەیە و ئەندامانیشمان پەروەردەی ھیچ ھێڵ و فیکرێکی ئایدۆلۆژی نین و پۆشینی ھەر جۆرە جلوبەرگێک لەلایەن ئافرەتانەوە، ئەگەر بە خواست و بڕوای خۆیان بێت، لای ئێمە ئەوپەڕی پەسەند و ڕێزلێگیراوە، گوتاری چەند بانگخواز و گوتار بێژی ئاینی وەک گوتاری گشت مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی ناگشتێنین و کۆمەڵگەی کوردستانی خاوەن مامۆستای پایەبەزری وەک دکتۆر موسەفا زەڵمی یە کە ئەوپەڕی خزمەتی بە پرسی ئافرەت کردووە، ھەروەھا خاوەن چەندین مامۆستای ئاینییە کە بەشێوازێکی جوان و شارستانیی پەیامی خۆیان دەگەیەنن و گوتاری خۆیان بۆ چاکەی کۆمەڵگە دوور لە بڵاوکردنەوەی گرژی و توندوتیژی بڵاودەکەنەوە. ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دیموکراسی بونیاتنراوە لەسەر بنەمای ھاولاتیبون و ئەوەی حوکمی کۆمەڵگە دەکات یاسا و دامودەزگاکانی حکومەتەو پیویستە ھەموولایەک پابەندی ئەو یاسایانە بین، مافەکانی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان بە یاسا چەسپێنراوەو ھیچ دەنگێکی نەشازیش ناتوانێ ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی ئافرەتانی کوردستان بۆ دواوە بگێڕیتەوە. ھەرێمی کوردستان وەک چۆن لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و چارەنوسسازی سیاسیدایە، بە ھەمان شێوە لە دۆخێکی ڕاگوزەری کۆمەڵایەتیدایەو پێویستە ھەموو وزە و ھەوڵەکان لە خزمەت کوردستان و سەقامگیری سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا بێت و ھەموان ھاوکار و پشتیوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بین لە پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی زیاتری کوردستان وەک سەرزەمینی پێکەوەژیانی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییەکان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ٢٨/١/٢٠٢٠