دادگای سلێمانی كەیسی ئامانج بابانی و خێزانەكەی داخست

دادگای سلێمانی كەیسی ئامانج بابانی و خێزانەكەی داخست
دادگای سلێمانی بە شێوەیەكی كۆتایی كەیسی كوژرانی ئامانج بابانی، لانە محەمەدی هاوسەری و هامنۆی كوڕی داخست، لە كاتێكدا كەیسێكی تەمومژاوی بووە و چەندین پرسیاری هەڵگرتبوو.

ئەگەرچی كەیسی لەم شێوانە چەندین مانگ و هەندێك جار ساڵیشی پێدەچێت، بەڵام دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا كۆتایی بە كەیسەكە هێنا و دایخست، ڕووداوەكەشی بە خۆكوژی داناوە.

پێش نزیكەی 10 رۆژ، محەمەد نووری باوکی ئامانج بابانی رايگەیاندبوو كە پۆلیس و دەزگا ئاسایشییەكانی سلێمانی پێیان گوتوون دۆسیەکە داخراوە و خواحافیزتان بێت.

محه‌مه‌د نوورى ئەوەشی گوتبوو كە داخستنی دۆسیەکە بە بیانووی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکان هیچ دەرەنجامێکیان نەبووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو كە ئەوان نازانن چی بکەن و بەرامبەر بە کێ هەڵوێستیان هەبێت، لە کاتێکدا ڕووداوەکە ئاسایی نەبووە، بەڵكو دوو ڕۆژنامەنووس و منداڵەکەی گیانیان لەدەست داوە.

باوکی ئامانج بابانی نایشارێتەوە کە ئەگەر ئەو ڕووداوە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو ڕووی بدایە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان زیاتر و وردتر هەوڵی ئاشکراکردنیان دەدا، بەڵام لێره‌ پێیان گوتوون دۆسیه‌كه‌ داخراوه‌ و خواحافیزتان بێت.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە ده‌زگا ئاسایشییەكانی سلێمانی خۆشیان باوه‌ڕ به‌ ڕووداوه‌كه‌ ناكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ناهه‌قیان نییه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ڕووداوه‌كه‌ هێنده‌ ئاڵۆز بووه‌، له‌نێوان ئاسایش و پۆلیس ئاڵۆزییەک هاتبووە ئارا، ئه‌مه‌ش وای كرد دۆسیه‌كه‌ له‌خۆیان تێك بده‌ن.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسی لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی دەکرد، لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)یەوە هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاو بووەوە، هەر ئەوکات ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیرۆرکردنەکەی شەرمەزار کرد و چەندان کەسی دیکەش باسیان لە تیرۆرکردنی کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و ڕۆژانی دواتر، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بەفەرمی و لەگەڵ پیشاندانی چەند بەڵگەیەک رایان گەیاند کە ئامانج بابانی خۆی بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەیەتی، میدیاکانی شارەکە و بەشێک لەو ڕێکخراو و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی کە نزیکن لە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییش هەمان قسەکانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردەوە.

تاوەکو ئێستاش بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئامانج بابانی بە بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەی دەزانن، بەشێکی تریش هێشتا گومان لە ڕووداوەکە دەکەن و پێیانوایە راستیی ڕووداوەکە رانەگەیەندراوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی نییە کە چرکەساتی کوژرانی ئەو خێزانە نیشان بدات.










باسنيوز


Top