حاکم هیوا دزەیی: لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، ماف بۆ فەرمانبەران دەگەڕێندرێتەوە

حاکم هیوا دزەیی: لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، ماف بۆ فەرمانبەران دەگەڕێندرێتەوە
حاكم هیوا دزەیی، داواكاری گشتی لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لە بەدواداچوونێكی (باس)دا قسە لەسەر دەستەكەیان دەكات و چەندین روونكردنەوەی پێویست پێشكەش بە فەرمانبەران دەكات. رای دەگەیەنێت، هەر فەرمانبەرێك لە مافەكانی بێبەش بكرێت، یان بە ناحەق سزا بدرێت، مافەكانی بۆ دەگەڕێننەوە.
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، دەستەكەیان تایبەتە بە خزمەت و سزاكانی تایبەت بە كاروباری فەرمانبەران، گوتی: «كاری ئێمە دوو لقی سەرەكیی هەیە، لقێكیان تایبەتە بە خزمەتی فەرمانبەران، لەوانە: گواستنەوە و سەرمووچە و بەرزەمووچە و ناونیشان گۆڕین و دەرماڵە، لقەكەی تریش تایبەتە بەو بڕیار و فەرمانانەی، كە بۆ سزادانی فەرمانبەران دەردەكرێت».
روونیشی كردەوە، ئەگەر فەرمانبەرێك لەو بوارانە هەستی بە ستەم كرد و مافی خۆی پێ نەدرا، ئەوا دەتوانێت لە لای ئەوان سكاڵا تۆمار بكات و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی بكات.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە ساڵی 2019 زیاتر لە 249 سكاڵا لە لایەن فەرمانبەران لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.
ئەو داواكاری گشتییە پێی وایە: «بەگشتی زۆر لە فەرمانبەران لە ئەرک و خۆیان و مافەكانی خۆیان نازانن، بۆیە هەموو فەرمانبەرانی كوردستان پێویستیان بە خول هەیە بۆ ئاشنابوون بە مافەكانی خۆیان لە هەموو روویێكەوە، لە رووی خزمەت و چۆنیەتیی سزادانەكانیان لە رێگەی بەڕێوەبەر و لیژنەكانی لێكۆڵینەوە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەگەر فەرمانبەرێك مافێكی پێشێل بكرێت، یان سزا بدرێت چی بكات؟ حاكم هیوا گوتی: «سەرەتا دەبێ داوای مافەكەی خۆی پێشكەش بە فەرمانگەی خۆی بكات، ئەگەر رەت كرایەوە و نەكرا، ئەو كاتە دەبێ فەرمانبەرەكە لە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران داوای مافی خۆی بكات، دەبێ فەرمانێكی كارگێڕیی لای هەبێت، بۆ ئەوەی تانە لەو فەرمانە بدات».
جەختیشی كردەوە، دەبێ فەرمانبەران پابەند بن بە قانوونی ژمارە 24ی خزمەتی شارستانی، هەندێك مەرج هەیە لەو قانوونە بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی فەرمانبەر لە كاتی پێنەدانی مافێكی یان سزادانی، دەبێت رەچاوی سەقفی قانوونی بكرێت.
دزەیی راشی گەیاند، ئەگەر فەرمانبەرێك سزا درابێت، یان بەزۆر گواستنەوەی راژەی بۆ كرابێت، ئەوە لە لای ئەوان دەتوانێت داواكاری بۆ پێدانەوەی مافەكەی پێشكەش بكات، گوتیشی: «بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی لە بواری خزمەت و بەرزەمووچە و دەرماڵە، كار بە یاسای ژمارە 24ی خزمەتی شارستانی دەكەن، بۆ لابردنی سزاكانی سەریشی كار بە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەكەن».
ئەو بەرپرسەی دەەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، ئاماژەی بەوەش دا، توانیویانە زۆر ماف و شایستەی فەرمانبەران بۆ خودی فەرمانبەران بگەڕێننەوە، گوتیشی: «زۆربەی داواكارییەكانی بەردەستمان پەیوەندییان بە سەرمووچە و بەرزەمووچە و تەرقییە و گواستنەوە و زیادكردنی خزمەت و خانەنشینی و فەسڵكردنەوە هەیە، زۆر داواكاریی فەسڵكردنمان لایە، دەركەوتووە زۆر لەوانەی فەسڵ كراون، ئاگایان لە قانوونەكانی تایبەت بە فەرمانبەران نییە».
حاكم هیوا راشی گەیاند، ئەگەر كەسێك دەستی لە كار كێشابێتەوە، دەكرێت مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە، گوتیشی: «چەند جۆرێكی دەستلەکارکێشانەوە هەیە، بۆ نموونە، دەستلەکارکێشانەوەی حكوومی هەیە، دەستلەکارکێشانەوەی قانوونی هەیە، ئەگەر كەسێك مۆڵەتی وەرگرتبێت و دواتر نەگەڕابێتەوە، یان تەوبیخی بۆ دەرچووبێت و نەگەڕابێتەوە وەزیفە، ئەوا دەكرێت كاری بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر كاری خۆی».
باوەڕیشی وایە، هەندێك بەڕێوەبەر لە نەبوونی هۆشیاریی قانوونی، یان بە ئەنقەست فەرمانی سزادانیان بۆ فەرمانبەران دەركردووە، دەشڵێت: «فەرمانبەران لە ئیش و كار و مافەكانی خۆیان كەمتەرخەمن، هۆشیارییان نییە بۆ گەڕانەوەی مافەكانیان داوا بەرز بكەنەوە».
ئەو لەمیانەی قسەكانیدا ئەوەشی روون كردەوە، هەندێك گواستنەوە بۆ فەرمانبەران دەكرێت، وەكوو سزادان وایە: «چەندین فەرمانی كارگێڕی هەن بۆ گواستنەوەی فەرمانبەر، وەكوو سزا دەرچوونە، بۆیە دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەران لێكۆڵینەوە لەوە دەكات، ئایا لەو گواستنەوەیەدا بەرژەوەندیی گشی هاتووەتە دی، یان تەنیا سزا بووە».
لە ساڵی 2016وە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، بەهۆی قەیرانی دارایی، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە. ئەو حاكمە جەخت دەكاتەوە، پلەبەرزكردنەوە مافێكە لە مافە قانوونییەكانی فەرمانبەران و بە پێویستی دەزانێت ئەو مافە بگەڕێندرێتەوە.
حاكم هیوا، داواكارە كابینەی نۆیەمی حكوومەت، جیاواز لە كابینەكانی تر گرنگی بە ماف و ئەركەكانی فەرمانبەران بدات و بۆیان روون بكاتەوە و خولیان بۆ بكاتەوە و لە هەموو فەرمانگەیەك مافەكانیان پارێزراو بێت، لە بەرامبەر پابەندبوون و دەوامكردندا، دەبێت مافەكانیشیان پارێزراو بێت.










باسنيوز


Top