بەغدا.. کەیسی زەوی و زاری جووتیارانی کورد لەگەڵ وەزیری داد باس کرا
ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی سێ کەسی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتگۆ لەبارەی گرفتی زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان و مادەی 140 سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیرەکانی داد و کشتوکاڵ کۆ بوونەوە.
لەمبارەوە خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دادی عێراق گوتی: "بڕیارەکانی حکوومەتی بەعس سەردەمی حکوومەتی ڕووخاوی بەعس لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ساڵی 2012ەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە وەزیرەکانی دادی عێراق، چەندین ئاستەنگیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ساز کردووە، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دادی عێراق بۆ چارەسەکردنی کێشەی زەوی و زارای جووتیارانی کورد، چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی بڕیارەکە دەرکردووە".
خالید شوانی لەمبارەوە گوتیشی: "سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیارەکانی "کاروباری شیمال"ی سەردەمی بەعس، کە بەپێی بڕیاری ژمارە 29 لە سڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیای هەڵوەشاندنەوەی داوە و وەزیرەکانی پێشووتر بە هەر شێوەیەک گرفتیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ساز کردبوو، ئەمڕۆ جەنابی وەزیری دادی عێراق کە خۆی شارەزاییەکی تەواوی لەم کەیسە هەیە و خۆی ئەو گرفتە و ئاستەنگانەی بە چاوی خۆی بینیوە و خۆی کەسێکە لەوانەی حکوومەتی بەعس زوڵمی لێ کردووە، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێنی دەرکردووە، بەو هیوایەی ئەبنە جێگەی ئەوەی چارەسەریی بنەڕەتی و یاسایی بۆ ئەم بابەتە بدۆزینەوە و ئەم کێشەیە یەکلایی بکەینەوە".
پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک و قەزا و ناحەیەکانی دەوروبەری بە بڕیاری ڕاکان جبووری و بە زەبری هێزی چەند لیوایەکی سوپای عێراق جووتایرانی کورد لەسەر زەوی و زارەکانیان دەردەکەن و ڕێگە نادەن تێیدا کشتوکاڵ بکەنو بە دروستکردنی تاپۆ و بەڵگەنامەی ساختە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەو زەوی و زارانە هی عەرەبن.
لە ساڵانی ١٩٨٠ بەو لاوە کە پرۆسەی تەعریبی کورد لەو ناوچانە بە دەستووری حکوومەتی بەعس دەستی پێ کرد، سەدان بنەماڵەی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هێندرانە سنووری کەرکووک و قەزا و ناحیەکانی و لەناو گوندەکان جێگیر کران و خرانە سەر زەوی و زاری کورد، بەڵام پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو عەرەبە هاوردانە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە فەرمی قەربوو کرانەوە و گەڕانەوە شوێنی خۆیان و ساڵی ٢٠١٢ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش هەموو بڕیارەکانی سەردەمی بەعس کە تایبەت بوون بە جووتیارانی کورد هەڵوەشانەوە، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جارێکی دیکە دەیانەوێ پرۆسەی تەعریبکردنەوە دژ بە کورد بە هەموو شێوەیەک جێبەجێ بکەن.
باسنيوز
