لە هەولێر 17 هەزار شوقە دروست دەكرێن
بەپێی زانیارییەكانی (باس)، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی 17 هەزار شوقە تەنیا لە شاری هەولێر و لە سەنتەری شاری هەولێر دروست دەکرێن.
ئەم پڕۆژانە هی كەرتی تایبەتن، لە هەر پڕۆژەیەك بە جیا شوقەكان دروست دەكرێن، كە كەمترینی هەزار شوقەیە و زۆرترینیشی دوو هەزار شوقەیە.
سەردار ئازاد، شارەزای عەقارات و خاوەنی كۆمپانیایەكی بواری عەقارات لە لێدوانێكدا زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و گوتی: «بە دەستپێكردنی ئەو پڕۆژانە و دروستکردنی ئەو شوقانە، جووڵەیەکی باشی ئابووری لە شاری هەولێر دروست دەبێ و هەلی کاری باش دەڕەخسێت و دووبارە کوردستان دەگەشێتەوە».
جەختیشی كردەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی ئەو پڕۆژانە، لە داهاتوودا نرخی شوقە کەم دەبێیتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی خستنەڕوو زۆر دەبێیت و خواست کەم دەبێت.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر راگەیاند، بەپێی بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەت، ئەو پڕۆژانەی وەستابوون، بەشێكیان دەستیان بە كار كردووەتەوە، گوتی: «لەپاڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، مۆڵەتیش بە چەند پڕۆژەی ستراتیژی دراون، لەوانە باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوون».
روونیشی كردەوە، لە هەولێر زۆر پڕۆژە بەرەو تەواوبوونن، گوتیشی: «ئەو 17 هەزار شوقەیەی باسی دەكرێت، بەشێكیان بۆ نیشتەجێبونن و رەنگە بەشێكیشی بۆ نووسینگە و ئۆفیس بێت و بازرگانین، بەڵام بۆ خەڵك و بۆ ئابووریی هەولێر و كوردستان پڕۆژەی باشن».
جەختیشی كردەوە، لەگەڵ تەواوبوونی شەقامی 120 مەتری و دەستپێكردنی شەقامی 150 مەتری، پڕۆژەی باشی نیشتەجێبوون و پڕۆژەی تری وەبەرهێنان دەستیان بە كاركردن كردووە، گوتیشی: «هەر پڕۆژەیەك مۆڵەتی پێ بدرێت، دەبێ لەدوای دوو مانگ دەست بە كار بكات، بۆ ماوەی دوو ساڵیش زۆربەی ئەو پڕۆژانە تەواو دەكرێن، بەشێكیان ئەمساڵ تەواو دەبن».
ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنان پێی وایە، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە، كەڵكی ئابووری بۆ خەڵك دەبێت و بازاڕیش دەجووڵێت، گوتیشی: «بێكاری كەم دەبێتەوە و بواری خانووبەرە و بیناسازی دەبووژێتەوە، كاریگەریی راستەوخۆشی لەسەر كێشەی نیشتەجێبوون دەبێت، چونكە كاتێك شوقە زۆر بوو نرخی كرێ كەم دەبێتەوە و خەڵكیش بەئاسانی شوێنی نیشتەجێبوونی دەست دەكەوێت».
لەپاڵ ئەو 17 هەزار شوقەیە، بڕیار وایە چەند پڕۆژەیەكی تری بواری نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێ بدرێت، كە تایبەتن بە نیشتەجێكردنی خەڵكی كەمدەرامەت.
باسنيووز
