سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا کرد و رایگەیاند "ئەم کردەوانە مەترسیى راستەقینە لەسەر دۆخ و سەقامگیرى و بەرژەوەندییەکانى عێراق دروستدەکەن".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیی ئەو هێرشانە لێکەوتە و ئەنجامى خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دەڵێ "پاراستنى ئاسایشى باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکى لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ رێگەبدرێت یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلبکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26-1-2020 پێنج مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سیان لە مووشەکەکان کەوتوونەتە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئیدانەى ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە شەوى رابردوو باڵیۆزخانەى ئەمەریکاى لە بەغدا کردە ئامانج. ئەم کردەوانە مەترسیى راستەقینە لەسەر دۆخ و سەقامگیرى و بەرژەوەندییەکانى عێراق دروست دەکەن، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیشيان، لێکەوتە و ئەنجامى خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.

پاراستنى ئاسایشى باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکى لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج. دووپاتى دەکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.

نێچيرڤان بارزانى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
27/1/2020

Top