بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە: بەهۆی بۆردوومانی تورکیا چوار هاونیشتمانی بێسەروشوێنن
شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە راگەیاند "بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چوار کەسی مەدەنی گوندەکە کە بە مەبەستی کێڵانی زەوییەکانیان و کۆکردنەوەی سەوزە لەسەر زەوییەکانیان بوون بێسەروشوێنن".
بە گوتەی شەعبان خەلیل، یەکێك لەو هاونیشتمانییانە تەلەفۆنێكی بۆ کەسە نزیکەکانی کردووە و داوای بەهاناوەچوونی کردووە، پاشان تەلەفۆنەکەی داخراوە و هیچ شتێک لەبارەیانەوە نازانرێت، لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە".
بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە باسی لەوە کرد، گوندەکە ئاوەدان نییە، بەڵام خەڵکی ئەوێ بە مەبەستی کشتوکاڵی و کێڵانی زەوییەکانیان سەردانی دەکەن.
هاوکات جەوھەر محەممەد، دانیشتووی گوندی بامشمش لەنزیک شوێنی بۆردوومانەکە گوتی "گوندەکە نزیکە 20 کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە. هەرچەندە خەڵکی ئێمە و گوندەکانی دیکەش دەچنە ئەوێ، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان رێگەی ئۆتۆمبێل بۆ چوونە گوندەکە داخراوە و ئەوانەی سەردانی دەکەن دەبێت بە پیادە بچنە گوندەکە".
