سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان کرد لە پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/1/27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد كە پێکهاتبوو لە مارکوس گروبەل و یورگن هاردت، ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

لە دیدارەکەدا کە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا و باربارا ڤۆلف، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ دەستپێکردنەوەی ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان کرد لە پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتیش کە داعش هێشتا مەترسییەکی جددییە لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا.

شاندی ئەڵمانی ئاماژەیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان کرد کە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەکەدا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.














باسنيوز

Top