ئاگر لە بازاڕی هانا لە هەڵەبجە کەوتەوە
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە راگەیاند، "هۆکاری ئاگرەکە نازانرێت، بەڵام پێدەچێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت، ئەمەش تەنیا گومانە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە دەڵێت، بەداخەوە زەرەر و زیانێکی زۆر هەیە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
خاوەنی یەکێک لە دووکانەکانی بازاڕی هانا کە دووکانی جلوبەرگی منداڵانی هەیە، دەڵێت "دوو نهۆمی بازاڕەکە بە تەواوی ئاگری گرتووە و سووتاون، زیانێکی زۆر هەیە، هۆکارەکەیشی تەنیا شۆرتی کارەبایە".
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە.
