سوپای ئەڵمانیا بە فەرمی دەستپێکردنەوەی مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگەی راگەیاند
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە)، سوپای ئەڵمانیا لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە، پاش ئەوەی بۆ ماوەی سێ هەفتە مەشقەکانی بە پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە عێراق ڕووی دا ڕاگرتبوو، بە فەرمی دەستپێکردنەوەی مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی راگەیاندووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئەڵمانیادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ڕاوێژکارانی ئەڵمانییەوە بە بڕیاری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بووە.
هەرچەندە ئەڵمانیا لەڕێگەی٩٠ سەربازی خۆی لە هەولێر مەشق بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، بەڵام هێشتا لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
لەمبارەیەوە لیوا بابەکر فەقێ، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رايگەیاند: "بڕیارێک هەبوو کە ئەڵمانیا مەشقەکانیان دەست پێبکەنەوە، “ئێمە چاوەڕێین بە فەرمی دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە کە خۆی لە ڕاهێنانی پێشمەرگەدا لە بواری بەکارهێنانی هەندێک جۆری چەکدا دەبینێتەوە".
باسنيوز
