سلێمانی.. ژمارەیەک سزادراو لە گرتووخانەی چاکسازیی گەوران مانیان لە خواردن گرتووە
لەمبارەوە بەدریە ئسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: "ژمارەیەک سزادراوی گرتووخانەی چاکسازیی گەوران لە سلێمانی، کە پێکھاتوون لە پێنج سزادراو بەھۆی تەواوبوونی سزاکەیان و مانەوەیان لەناو گرتوخانە، ماوەی چەند ڕۆژێکە مانیان لە خورادن گرتووە و ئێستا بارودۆخی سزادراوەکان ھیچ باش نییە و یەکێک لە سزادراوەکان لەپا کەوتووە و توانای قسەکردنی نییە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە".
گوتیشی: "ئەو سزادراوانەی کە مانیان لە خواردن گرتووە، بە تۆمەتی تیرۆر سزرا دراون، بەڵام تیرۆری داعش نا، ھەرچەندە خۆشیان دەڵێن، ئێمە ھیچ تاوانێکمان بەسەردا نەچەسپیوە، بەڵام بەپێی یاسا ئەگەر سزاردراوەکان ١٥ ساڵ سزا درابێتن، بەڵام بەپێی مەرجە ئیدارییەکانی ناو زیندانەکە سزادراوەکان ١٢ ساڵی سزاکەیان لەناو زیندان تەواو کردبێت، دەتوانن سێ ساڵی سزاکەیان لە دەرەوەی زیندان تەواو بکەن، بەو مەرجەی سەردانی دەرەوەی وڵات نەکەن و ئەگەر سەردانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکەن، پێویستە پێشوەختە لایەنی ئەمنی ئاگادار بکەنەوە".
بەدریە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد: "سزادراوەکان دوو مانگ بەسەر تەواوکردنی سزاکەیاندا تێپەڕیوە، بەڵام ئازاد نەکراون، بۆیە چەند ڕۆژێکە مانیان لە خواردن گرتووە و تەنانەت ئەوەندە لەسەر مانگرتنەکەیان ڕژدن ئامادەن بمرن، بەڵام مانگرتنەکەیان نەشکێنن، ھەرچەندە ئێمە زۆر داوامان لێ کردن کە مانگرتنەکەیان بشکێنن، بەڵام سزادراوەکان ئامادە نەبوون مانگرتنەکەیان بشکێنن".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد: "ھەموو بەڵگەنامەیەکی سزادراوەکانم وەک یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی داوای ڕەوای سزادراوەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری و لیژنەی کاروباری کومەڵایەتی و لیژنەی یاسایی بکرێت، چونکە سزادراوەکان ڕەوشی تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن".
باسنيوز
