کەرکووک.. لە یەک ساڵدا زیاتر لە 500 کەس دەستگیر کراون
بەپێی ئامارێک كە لیوای 61 بڵاوی كرددووەتەوە و هێزێکی تایبەتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، لە یەک ساڵدا لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكانی شاری كەركووك، چەندین هەڵمەتی گەڕان و پشكنین ئەنجام دراون و بەو هۆیەوە، جگە لە دەستگیركردنی زیاتر لە 500 کەس، دەستیش بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەر و كەلوپەلی دزراودا گیراوە.
بەپێی هەمان ئامار، لە یەک ساڵی دەستبەكاربووناندا لە كەركوك، توانیویانە 333 كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر بكەن، كە دەستیان سوور بووە بە خوێنی هاووڵاتیانی بێتاوان و بەشێك لەوانەش ئەمیری داعش بوون، چونكە ئێستا داعشێكی زۆر روویان لە شاری کەرکووک كردووە".
جیا لەو 333 کەسە، ئەوانی دیکە هەر یەكەیان بە تۆمەتی دزی و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و چەند مادەیەكی دەستگیر كراون.
ڕۆژانە کەسانی تۆمەتبار بە کردەوەی تیرۆر و چەكداری داعش لەناو شاری كەركووك دەستگیر دەكرێن و وێنەكانیشیان بە دەموچاو داپۆشراوی بڵاو دەكرێتەوە، كە بەشێكیان بە ئەمیر و سەركردەی ئەو ڕێكخراوە ناو دەبرێن.
پاش رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و نەمانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە كەركووك، زیاتر لە دوو ساڵە ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك کە پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانایی دابینکردنی ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکان و بەتایبەت کەرکوکیان نییە و ناوبەناو رووداوی ئەمنی لەو سنوورانە دووپات دەبنەوە و نەیانتوانیوە وەك پێویست بەرگری لە شارەكە و دانیشتوان پێكهاتەكانی بكەن.
باسنيوز
