ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی خارپێت لە زیادبووندایە
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، گرتووخانهی ئادیامان كه بههۆی بوومهلهرزهكهوە زیانی بهركهوتووە، چۆڵ دهكرێت و گیراوهكان بۆ گرتووخانهیهكی دیكه دهگوازرێنهوه؛ داواشی کرد لەو شوێنانەی تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان، لەژێر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا، بێدەنگی بپارێزرێ.
فهخرهدین كۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانەوە رایگەیاند "لەم قۆناخەدا کۆی گشتی 22 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 18 هاووڵاتیمان لە خارپێت و چوار هاووڵاتیش لە مەڵەتی. هەروەها هەزار و 31 کەس بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییان لە ئەنجامی ترس و دڵەڕاوکێ، هەروەها بەهۆی برینداربوونەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەتایبەتی لە نەخۆشخانەی شار لە خارپێت و مەڵەتی کارمەندانی تەندروستی بە هەموو هێز و تواناوە خزمەتگوزارییان پێشکەشکردووە. لەو هەزار و 31 کەسەی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، 382 کەسیان بریندارن، لەو 382 بریندارەش 128 کەسیان ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەرگرن، لەو 128 کەسەش 34 کەسیان لەژێر چاودێریی چڕدان و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن".
بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو کاژێر 20:55 خوولەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر لە پارێزگای خارپێتی دا و شارۆچکەی سیڤریجە چەقی بومەلەرزەکە بوو. كاژێر 09:07 بەیانی ئەمڕۆش بوومهلهرزهیهكی نوێ به گوڕی 4.3 پلهی رێختهر شارۆچكهی سیڤیرجهی سهر به پارێزگای خارپیتی هەژاند. لە پارێزگای مەڵەتی-یش کاژێر 13:14 خوولەکی پاشنیوەڕۆ بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر تۆمارکرا و شارۆچکەی شیرۆ چەقی بوومەلەرزەکە بوو.
