حیتو: مووچەی کرێکارانی ناکارامە زیاد دەکرێت
دکتۆر عارف حیتو، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان ٨٣ ھەزار کرێکاری دەستەبەرکراو ھەن و لەو ژمارەیەش حەوت ھەزار کرێکاری بیانین و ئەوەی دیکەیان کرێکاری ناوخۆن، ئەوانە ھەموویان لای ئێمە تۆمار بە فەرمی کراون و، بەپێی یاسا نابێت مووچەی کرێکار لە ٢٨٥ ھەزار دینار کەمتر بێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتی: "وەزارەت پێداچوونەوەی بە بازاڕ کردووە و پێشنیاری کردووە، مووچەی کرێکاری ئاسایی لە ٢٨٥ ھەزار زیاتر بێت، بەڵام بڕیارەکەی ئێمە بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران ناچێتە بواری جێبەجێکردن تا سەرۆکی حکوومەت ئیمزای دەکات."
دکتۆر عارف حیتو جەختی کردەوە: "ھەرکاتێک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزای لەسەر کرد، ئەوە خاوەنکار ناچار دەکرێت پابەند بێت بە بڕیاری حکوومەتەوە بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران، بڕیارەکەش ھەموو کرێکارانی ناکارامە دەگرێتەوە، مەبەست لە کرێکاری ناکارامە ئەو کرێکارانەن کە پسپۆڕ نین، واتە شاگردە، یان کارێکی دیکە دەکات."
