بهڕێوهبهرى پۆلیسى ههولێر: لە ماوهى پێنج كاتژمێردا ئۆتۆمبێلێكی دزراو دۆزرایهوه
عەمید دلێر نەجات یاسین نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە بوونی حاڵەتێكی دزیكردنی ئۆتۆمبێل ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ دەست بە ڕێكارە یاساییەكان كرا".
گوتیشى: "دزییەكە كاتژمێر حەوتی ئێوارە لە شەقامی 60 مەتریی نزیك سایلۆی هەولێر ڕووی دا، كە ئۆتۆمبێلێكی مارسیدیسی ژمارە هەولێر لە شوێنێك ڕای گرتووە، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە دزراوه".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی كردەوە، دوای سكاڵاتۆماركردن لەلایەن خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەوە، پشت بە كامێرای چاودێری و زانیارییەكان بەسترا، بۆیە كەسەكان ناسران و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی خۆیان، توانرا كەمتر لە پێنج كاتژمێر ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە.
عەمید دلێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لێكۆڵینەوە بۆ ئەم دۆسیەیە كرایەوە و دادوەر بڕیاری دا بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادان، تۆمەتبارەكان سزا بدرێن.
باسنیوز
