هەدەپە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات

هەدەپە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات
بڕیارە ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٠ پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) ئامادەکاری بۆ بەستنی چوارەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی دەکات و لەوێشدا گۆڕانكاریی بەرچاو لە پێكهاتەی هەدەپەدا دەکەن، هەروەها بڕیارە هاوسەرۆكانی ئێستای هەدەپە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.

رۆژنامەی (بیرگون)ی توركی ئاشكرای دەكات، هەریەك لە هاوسەرۆكانی هەدەپە سەزایی تەمەللی و پەروین بوڵدان، هەفتەی رابردوو چوونەتە گرتووخانەی ئێدیرنا و لەوێ لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە كۆ بوونەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، بوڵدان و تەمەللی داوایان لە دەمیرتاش كردووە كە خۆی بۆ هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵبژێرێت، بەڵام دەمیرتاش رازی نەبووە و گوتوویەتی لە زینداندا ناتوانم هەدەپە بەڕێوە ببەم، بۆیە داوای لێیان كردووە، كە هەردووكیان تەمەللی و بوڵدان خۆیان كاندید بكەنەوە و وەكوو هاوسەرۆكانی هەدەپە دەست بەكار بن".

چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردەوە، كە پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی رازی بوونە كە ببنەوە هاوسەرۆكی هەدەپە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی (بیرگون)، هەدەپە ئەنجوومەنی سەركردایەتییەكەی لە ١٢٥ كەس پێكهاتووە، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای سەركردایەتی لە ٢٥ كەس پێكهاتووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە، هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی بۆی نییە لە دوو كۆنگرە زیاتر پۆستی ئەندامی سەركردایەتی هەبێت، بۆیە بە دەیان ئەندامی ئێستای سەركردایەتی دەگۆڕدرێن و كەسی‌تر لە شوێنیان دادەنرێن.









باسنيوز
Top