مەلا هەڵۆ جارێکی دیکە خەڵکی هەرێمی کوردستان نیگەران دەکات

مەلا هەڵۆ جارێکی دیکە خەڵکی هەرێمی کوردستان نیگەران دەکات
جارێکی دیکە مامۆستایەکی ئایینی کە لە سلێمانییە، سنووری ئازادییەکانی خەڵک پێشێل دەکات و بەم هۆیەوە نیگەرانی لێ دەکەوێتەوە، پارێزەرێکیش رای دەگەیەنێت کە بە یاسا قسەکانی سزای بەرامبەر دانراوە.

مەلا هەڵۆ سەلەفی، لە نووسینێکی کورتدا کە لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، وەسفێکی ناشایستە دەداتە پاڵ تێکڕای ئەو کەسانەی کە ڕێگە دەدەن هاوسەر و کچەکانیان بە جلوبەرگی ئاسایی و بێ لەچک بچنە دەرەوە. بەم هۆیەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی توند دروست دەبێت.

لەمبارەیەوە ئەردەلان شێخ فاتیح، پارێزەر رایگەیاند، ئەو جۆرە قسانە ڕێگەپێدراو نییە و بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ژمارە ٦ی ٢٠٠٨، سزا دەدرێت کە ئەویس بەندکردن یان پێژماردنه‌.

ڕوونیشی کردەوە کە هەر کەسێک وا هەست دەکات سووکایەتی پێکراوە، مافی ئەوەی هەیە سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئەوە ”تەشهیرە و بە کۆمەڵگە کراوە و دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی“.

ئەو پارێزەرە بە ئەرکی داواکاری گشتی دەزانێت کە وەک پارێزەری ئاسایشی کۆمەڵگە، ڕێگە لەم جۆرە قسانە بگرێت کە تۆوی دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێو کۆمەڵگەدا دەنێنەوە، بە تایبەتیش کە ”ئەم قسانە پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلامە“.

پێشتریش هەمان مەلا، وەسفێکی ناشایستەی دوور لە دابی گشتی دابووە پاڵ خانمە هونەرمەندێکی سنووری هەورامان، بەڵام دواتر لە قسەکەی پەشیمان بووەوە و داوای لێبووردنی کرد.











باسنیوز

Top