به‌رپرسێکی پارتی لە بەغدا: خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە بۆ لەباربردنی داواکارییەکانی گەلی عێراقە

به‌رپرسێکی پارتی لە بەغدا: خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە بۆ لەباربردنی داواکارییەکانی گەلی عێراقە
به‌رپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا پێیوایە خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی سبەینێ بۆ لەباربردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقە.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، رایگەیاند، ئەگەر بارودۆخی عێراق بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێ، چارەسەرکردنی ئاسان نابێ.

شوان محەمەد هەروەها رایگەیاند، ”رەنگە“ پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات بارودۆخی عێراق هێور بکاتەوە و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت.

لەبارەی خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکی و بیانییەکان لە عێراق، کە بڕیارە رۆژی هەینی 24-1-2020 بەڕێوە بچێ، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی رایگەیاند، ئەو خۆپیشاندانە، کە لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ”بۆ لەباربردنی خۆپیشاندانەکان و داواکانی گەلی عێراقە“.

بەپێی دوایین زانیاری، تەنیا لە رۆژانی دووشەممە 20-1-2020 و سێشەممەدا، هێزە عێراقییەکان 10 خۆپیشاندەریان کوشتووە و 135ـی دیکەشیان بریندار کردووە.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.











باسنیوز

Top