حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆی بۆ دانانی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق راگەیاند

حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆی بۆ دانانی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق راگەیاند
هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەپەرلەمانی عێراق) دژایەتیی خۆی بۆ دانانی دژەمووشەکی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراق، راگەیاند.

کەریم علێوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمریکی و بیانییەکان بڕیاری پەرلەمانی عێراقە ”بە هەموو پێکهاتەکانییەوە“.

لەبارەی هەواڵی جێگیرکردنی سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆتی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراق، کەریم علێوی رایگەیاندووە، جێگیرکردنی ئەو سیستەمە ئەمریکییە سەروەریی عێراق پێشێڵ دەکات و عێراقییەکان رەتی دەکەنەوە.

پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.









باسنيوز
Top