جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە زیادی كردووە

جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە زیادی كردووە
جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە زیادی كردووە و بەرپرسێكیش ڕای دەگەیەنێت، داعش كردەوەی تیرۆریستی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لەوانە، كوشتن و ڕفاندن و پەلاماردان.

سەباح لەتیف، كارگێڕی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "جموجۆڵی داعش لە حەوزەی حەمرین و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە زۆرە، بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لە ناوچەكە نەماون و داعشیش توانیویانە خۆیان و هێزەكانیان ڕێك بخەنەوە و بەتایبەت لە گوندەكان جموجۆڵیان هەیە و هیچ هێزێكی ئەمنی لە هەندێ ناوچە هەر نییە و چالاكی تیرۆریستی گەورەیان ئەنجام داوە و هێرش دەكەنە سەر خەڵك و هێزە ئەمنییەكان، ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ بۆشاییە ئەمنییەكان و هەروەها ناوچەكەش قەرەباڵغە و داری زۆر تێدایە، چەند جارێكیش هەوڵدراوە كە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن لە ناوچەكە، بەڵام سەری نەگرتووە".

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، داعش جیا لەوەی خەڵك دەڕفێنێت، ئەوان هەمیشە هەڕەشەن بەسەر خەڵكەوە لە ناوچەكە، بەتایبەت بۆ سەر گوندە كوردییەكانی ناوچەكە كوردستانییەكانی دیالە و داعش كردەوەی تیرۆریستی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات لەوانە، كوشتن و ڕفاندن و پەلاماردان و لەو كردەوانانەیان بەردەوامن".

بەپێی زانیارییەكان دەیان گوندی سەر بە خانەقین، هەروەها سەر بە ناحیەكانی گوڵاڵە و سەعدیە و جەبارە و قەرەتەپە، بەهۆی زۆری جموجۆڵی داعش لە ناوچەكانیان چوۆڵیان كردووە.










باسنیوز
Top