بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، لیژنەیەکی باڵا بۆ بەستنی 14مین کۆنگرەی پارتی پێک دەهێنرێت
شەممەی رابردوو، ئهنجومهنی سهركردایهتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به سهرپهرشتیی سهرۆك بارزانی كۆ بووهوه و له راگهیهندراوی كۆتایی كۆبوونهوهكهشدا، ئاماژه بهوه كراوه، بڕیار دراوه پارتی له ساڵی 2020 كۆنگرەی 14مینی ئهنجام بدات.
لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی پێک هێنراوە و لیژنەکە لە هەریەک لە (عزەدین بەرواری، جەعفەر ئیمینکی، مەحموود محەمەد، رێبوار یەڵدا، هێمن هەورامی، عەلی تەتەر و چنار سەعد عەبدوڵا) پێکهاتووە، ئەو لیژنەیە راسپێردراون بۆ دیاریکردنی میکانزمێکی بەڕێوەچوونی کۆنگرە و هاوشانی گۆڕانکارییەکانی سەردەم پەیڕەوی ناوخۆی پارتی رێک بخەنەوە، بە شێوەیەک، دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بڕەخسێنێت بۆ هاتنەپێشەوەی کادیری نوێ و گەنجان بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکەش، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆرانكارییە زۆر و خێراكان لەناوخۆ و دەوروبەر و زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان، هەروەها بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، بڕیار دراوە لە ساڵی 2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت، لەم بارەیەوەش دەسەڵاتی پێویست دراوە بە مەكتەبی سیاسی، تاوەکوو هەنگاو و رێكارە پەیڕەوییەكان دەست پێ بكات.
پێوەند بەم پرسە، عومەر عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لیژنە باڵاکەی پارتی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە دەرفەتی دوو مانگی لەبەردەستدایە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و ئامادەکاری بۆ کۆنگرە، کە دواتریش پەیڕەوە رێکخراوەکە دەدات بە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی، لەوێشدا تاوتوو دەکرێت. بێ گومان دەبێت پەیڕەوەکە لەگەڵ واقع و گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ئێستادا بگونجێت، بڕیاریشە کۆنگرەکە لەمساڵدا بکرێت، گوتیشی: ”شتێکی ئاساییە کە هەر حزبێک پێویستە لەسەری چەند ساڵ جارێک خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام پارتی کۆنگرەیەکی تەقلیدی ناکات، بەڵکوو پارتی لە کاتێکدا کۆنگرە دەکات کە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نییە شیاوی باسکردن بێت، ئەو کۆنگرەیەی پارتی بۆ هاتنەپێشەوەی کادیری نوێ و خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم سەردەمە و ئەو دۆخە تازەیەی هاتووەتە پێش“.
ئەو سەرکردەیەی پارتی، ئاماژەی بەوەش دا، پارتی لەماوەی تەمەنیدا ئەوە چواردەیەمین کۆنگرەیە دەیبەستێ، لەبەرئەوە ئەگەر تەمەنی پارتی دابەش بکەی بەسەر ئەو ژمارەیەدا، ئەوە کاتی کۆنگرەی پارتی دوانەکەوتووە، گوتیشیی: ”پارتی دەیەوێ لەو کاتە بەهێزەی تیایدایە، خۆی زیاتر پێش بخات و گۆڕانکاریی پێویست لە پەیڕەو و پڕۆگرامیدا بهێنێتە دی“.
لای خۆشیانەوە، عەلی حوسێن، ئەندامی ئهنجوومهنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری فەرمیی حزبەکەی رای گهیاندووە، جگە لەو لیژنە باڵایە، چەندین لیژنەی تر بۆ کۆنگرەی پارتی پێک دەهێنرێن، بۆ ئهم مهبهستهش ڕای ئەندامانی ئهنجوومهنی سەرکرایەتی وەرگیراوە و لیژنە باڵاکە دوای تەواوبوونی کارەکانی، وادەی کۆنگرەکە دیاری دەکات.
عەلی حوسێن جهخت دهكاتهوه، كه کۆنگرەی پارتی بەپێی ھەلومەرجی ئێستا دەبێت و گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتیدا دەکرێت، گوتووشیەتی: ”بەرچاومان روونترە بۆ ئێستای عێراق و ھەرێم و ناوچەکەش، ھەوڵیش دەدەین کۆنگرەی ئەمجارە نەوعی بێت“.
ئهو ئەندامهی ئهنجوومهنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دهشڵێت: ”دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش بەیەکهوه دەبەسترێنەوە و خوێنی تازە دێتە ناو سەرکردایەتیی پارتی“.
باسنيوز
