دوو خاڵی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسان بۆ دەرکرا
بەپێی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت، هەروەها پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانیش کاراتر دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا حکوومەت دوو پڕۆژەیاسای ئاراستەی پەرلەمان کردبوو.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند کە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە دەرماڵە و مووچە و خانەنشینی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە.
لەلایەن خۆشیەوە جەلال محەمەد ئەمین، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان رايگەیاند، دەبێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە یاساکە پەسەند بکات و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەست پێ بکات.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یاسای ماددە هۆشبەرەکان بە مەبەستی پەسەندکردنی، رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە.
باسنيوز
