ئەمریکا فڕۆکەیەکی دیکەی B52 لە دژی ئێران دەنێرێتە دوورگەیەکی زەریای هیندی

 ئەمریکا فڕۆکەیەکی دیکەی B52 لە دژی ئێران دەنێرێتە دوورگەیەکی زەریای هیندی


سوپای ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فڕۆکەیەکی دیکەی B52 دەنێرێتە دوورگەیەکی زەریای هیندی.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، فڕۆکەیەکی B52 لە بنکەی بارکسیدلی سەربازیی ئاسمانی لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکاوە گەیشتووەتە دوورگەی دیگۆ گارسیا، کە لە ماوەی رابردوودا دوو فڕۆکەی دیکەی هەمان جۆر گەیشتبوونە دوورگەکە.

فڕۆکەی B52 فڕۆکەیەکی گەورەی شەڕکەری ئەمریکییە و توانای هەڵگرتنی مووشەکی باڵدار و مووشەکی هەڵگری چەکی ناوکی، هەیە.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بڕیاری ناردنی شەش فڕۆکەی جەنگیی B52ـی بۆ دوورگەی دیگۆ گارسیا، داوە.

ئەو فڕۆکە جەنگییانە ئامادە کراون بۆ هەر هێرش و کاردانەوەیەکی سەربازی دژی ئێران و چاوەڕێی فەرمانی ئیدارەی وڵاتەکەیان دەکەن.

دوورگەی دیگۆ گارسیا دەکەوێتە ناو زەریای هیندییەوە و چوار هەزار و 842 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە. فڕۆکەی B52ش دەتوانێ لە یەک کاتژمێردا هەزار کیلۆمەتر ببڕێت.

پێشتر لە شەڕی دژی رژێمی سەدام حوسێن و رزگارردنەوەی کوێت لە ساڵی 1991 و شەڕی رووخاندنی رژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ساڵی 2001، ئەمریکا ئەو دوورگەیەی بەکارهێناوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.




باسنیوز
Top