پەرلەمان لیژنەیەكی بۆ کەیسی ئەو كەسە پێكهێنا كە لە ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا

پەرلەمان لیژنەیەكی بۆ کەیسی ئەو كەسە پێكهێنا كە لە ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەسەر کەیسی ئەو كەسەی لە ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی شەش كەسیی پێکهێنا.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، لەسەر کەیسەکە، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە و گوتی "لیژنەكەی پەرلەمان لە هەردوو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە‌ و مافی مرۆڤ دروستكراوە، خۆشم سەرۆكی لیژنەكەم".

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لیژنەیە لە سبەی دووشەممە 20-01-2020 دەستبەكار دەبێت.

لەسەر هەمان کەیس بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لیژنەیەكی بەدواداچوون پێکبهێنێت.

رۆژی 16ی ئەم مانگە ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەك لە زیندانی ئاسایش بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەو هاونیشتمانییە لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوە و لە رۆژی 16-01-2020 لەناو زیندان خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە"، بەڵام كەسوكارەكەی گومان لە هۆكاری مردنەكەی دەكەن، هەربۆیە بۆ پشكنینەوەی تەرمەكەیان بردووەتە نۆژداریی دادی سلێمانی.
Top