ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا داوای نەهێشتنی توندوتیژی لە خۆپیشاندەران كرد

ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا داوای نەهێشتنی توندوتیژی لە خۆپیشاندەران كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە خۆپیشاندانەكانی عێراق گرژی زیاتری تێكەوت و پێش كەمێك فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا داوای لە خۆپیشاندەران كرد هاوكاریان بن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لە ناو خۆپیشاندانەكانی پایتەختی عێراق.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە راگەیاندراوێكدا دووپاتی كردووەتەوە هێزەكانیان وابەستەی ئەركەكانیانن بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی مرۆییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا بكەن و گیانی خەڵكی ناڕازی بپارێزن.

ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا ئاماژە بەوە دەدات كە هێزەكانیان دان بەخۆداگرن، بەڵام چەند گرووپێك هەن بۆمبی دەنگی و بۆمبی مۆلۆتۆڤ بەكاردێنن لە دژی هێزەكانیان، لەمبارەیەوە داوایان لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز كردووە یارمەتی هێزە ئاسایشییەكان بدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە و ڕێگرتن لەو گرووپانەی توندوتیژی دەنێنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق خۆپیشاندانی بەرفرەوان بەردەوامە، لە پارێزگای نەجەف تەواوی رێگە سەرەكییەكان و رێگەی فڕۆكەخانە داخراوە، لە پارێزگای زیقاریش بە هەمان شێوەی نەجەف ڕێگەكان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گیراون و چەند بارەگایەكی حكوومەتیش داخراون.

لەوەتەی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرفرەوان بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە، لەم ماوەیەدا بە هۆی كەوتنەوەی توندوتیژیەوە، سەدان كەس كوژراون و بە هەزارانیش بریندار بوون.










باسنيوز
Top