ئێران لە ناردنەوەی سندووقە رەشەکەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە پەشیمان دەبێتەوە

ئێران لە ناردنەوەی سندووقە رەشەکەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە پەشیمان دەبێتەوە
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناردنەوەی سندوقە رەشەکەی فڕۆکە تێکشکاوە ئۆکرانییەکە بۆ وڵاتەکەی، پەشیمان دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19-1-2020، بەرپرسی رووداوە ئاسمانییەکانی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، سندووقە رەشەکەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئۆکرانیا تا ئێستا لەناو خاکی ئێرانە و ”بەنیازیش نین جارێ بینێرینە هیچ کوێ“.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سندووقە رەشەکە لەناو خاکی وڵاتەکەی دەکەنەوە و زانیارییەکانی وەردەگرن و دواتر بڕیار دەدەن بینێرنە فەرەنسا یان بینێرنەوە ئۆکرانیا.

رۆژی شەممە 18-1-2020، میدیاکانی ئێران لەزاری بەرپرسانی وڵاتەکە بڵاویان کردەوە، کە بڕیاریان داوە سندووقە رەشەکە بنێرنەوە ئۆکرانیا.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.

دوای رووداوەکە، رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەوە، کە ئەگەر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە یەکێک لەو مووشەکانەی بەرکەوتبێ، کە ئێران بەهۆیانەوە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆردومان کرد.

میدیاکانی ئێران رەتی دەکەنەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باس لەوە دەکەن، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

دواتر لە رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکاوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.











باسنيوز



Top