ئەفغانستان.. تاڵیبان شەش ئەندامی بنەماڵەیەکیان کوشت
لەمبارەوە "نیعمەتوڵا فایق" واسلیی هەرێمی فاریانی ئەفغانستان بە تۆڕی میدیایی (BBC)ی ڕاگەیاندووە: "کاتژمێر حەوتی شەوی رابردوو بە کاتی ئەفغانستان، گرووپی تاڵیبان لە ناوچەی "ئەندخوی" هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک و بەهۆی دەستڕێژی گوللە شەش ئەندامی ئەو بنەماڵەیە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون".
باسی لەوەش کردووە ئەو هێرشە لە گوندی "ئوروگەنجیخانە"ی ناوچەی ئەندخوی رووی داوە کە لەژێر کۆنترؤلی گرووپی تاڵیبان دایە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە گرووپی تاڵیبان بوون کە خۆیان بە بەرپرس و قایقمامی تاڵیبان لەو ناوچەیە دەزانن.
هەرچەند گرووپی تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئاشکرایان کردووە ئەو ڕووداوە بەهۆی "ڕق و تۆڵەی کەسی و تایبەتی" بووە و هیچ پەیوەندیی بەوانەوە نییە.
لە ڕووداوەکەدا دوو ژن، کچێکی سێزدە ساڵە، کچێکی چوار ساڵ و دوو پیاویش کوژراون و منداڵێکی چوار مانگە لەگەڵ دایکی بریندار بوون.
باسنيوز
