وەزارەتی بەرگریی هۆڵه‌ندا: ڕاهێنانی سه‌ربازی بۆ پێشمه‌رگه دەست پێدەکەینەوە
ئانك بێیلێڤڵد، وه‌زیری بهرگرتی هۆڵه‌ندا له نامه‌یه‌كدا بۆ پەرلەمانی وڵاته‌كه‌ی نووسیویه‌تی، سه‌ربازانی هۆلەندا، له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به چه‌كدارانی داعش، ده‌ست به ڕاهێنانی هێزی پێشمه‌رگه له هه‌رێمی كوردستان و هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق له به‌غدا دەکاتەوە.
بێیلێڤڵد له نامه‌كه‌یدا ئاشكراشی كردووه كه عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، داوای له هێزه هۆڵه‌ندییه‌كان نه‌كردووه عێراق جێ بهێڵن، چونکە باش ده‌زانێت هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه زیان به سه‌قامگیریی عێراق له بارودۆخێكی وا هه‌ستیار ده‌گه‌یه‌نێت.
به گوته‌ی وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا، نزیكه‌ی ٥٠ سه‌ربازی ئه‌و وڵاته له هه‌رێمی كوردستان جێگیر كراون و بڕیاره ده‌ست به ڕاهێنانی سه‌ربازی بۆ پێشمه‌رگه بكه‌نه‌وه.
هەر لەمبارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بڵاوی کردەوە: ”لە سەردانی هەفتەی رابردوومان بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا، بە فەرمی داوای پشتگیریی پەرلەمانی ئەو وڵاتەمان کرد بۆ بەردەوامیی هۆڵەندا لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان“.
دوابه‌دوای زیادبوونی گرژیی نێوان ئێران و ئه‌مریكا له ناوچه‌كه، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش بڕیاری دا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و ڕاهێنانه سه‌ربازییه‌كانی له عێراق و هەرێمی کوردستان بوه‌ستێنێت.
باسنيوز
