نێچیرڤان بارزانی: کابینەی نۆیەم هاوسەنگی راگرتووە و لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە
لەو چاوپێکەوتنە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، بڕیاری لایەنە شیعەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەیکا بەبێ تەوافق و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ کورد و سووننە کارێکی باش نییە و پێچەوانە دەستوورە.
راشی گەیاند: "دەبێت ئێمە سەرەتا بپرسین، هێزەکانی ئەمریکا بۆ لە عێراقن؟ ئەوان بە بانگهێشتی عێراق لە ساڵی 2014 و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ جەنگی دژ بە داعش لێرەن. جێهێشتنیان کاریگەری لەسەر جەنگی دژ بە داعش دەبێت".
لە چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کابینەی ئێستای حکوومەت، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە کایبینەیەکی هاوسەنگ لەقەڵەم داوە، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کابینەکە توانیویەتی دوای داعش پەیوەندی تەندروست لەگەڵ بەغداد دروست بکات و دەستی بە ئەنجامدانی چاکسازی کردووە و دەیەوێت کارەکانی بە باشی بکات.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیاش، دەڵێت، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا باشن و سەرۆکی حکوومەتیش کۆبوونەوەی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردوغان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبن.
داواش دەکات، کێشەکانی پەکەکە و تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و هیچ لایەنێک پەنا بۆ جەنگ نەبات.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە، ئەوان ناخوازن عێراق ببێتە مەیدانی جەنگ بۆ ئێران و ئەمەریکا، بەهێزیی پەیوەندی بەغدا لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بە گرنگ ناو دەبات.
لەبارەی دۆخی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش، سەرۆکی هەرێم دەڵێت، ئەوان کۆنگرەیان ئەنجام داوە و لە کۆنگرەکەش لیژنەیان بۆ چارەسەکردنی کێشە ناوخۆییەکان پێکهێناوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا روون نییە کە سەرۆکایەتی پارتەکە دەکات.
باسنيوز
