نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەمووان لە پەنابردن بۆ یاسا مافیان پارێزراو بێت

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەمووان لە پەنابردن بۆ یاسا مافیان پارێزراو بێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ بەپێویستی دەزانێت هەمووان لە پەنابردن بۆ یاسا مافیان پارێزراو بێت، جا هاووڵاتی بێت یان رۆژنامەنوس. لە هەمانکاتدا پێیوایە دەبێت یاسای رۆژنامەگەری ئەو كەیسانەش چارەسەر بكات كاتێك رۆژنامەنووس سنووری رەوشتی پیشەكەی خۆی دەبەزێنێت.

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بەگوتەی خۆی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای لە سەنتەری میترۆ كردووە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بە ئامانجی باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی و سەروەربوونی یاسای تایبەت بە زانیاری و رۆژنامەگەری.

دیدارەکە بۆ رادەستكردنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی بۆ ساڵی 2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە. نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی دەربڕیوە بە چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ و گوتوویەتی" ئێوە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە كار دەكەن، چالاكن، راپۆرتەكانتان جێگە متمانەن با هەموومان هەوڵی جیدی بدەین تاوەکو ژینگەی كاری رۆژنامەنووسی باشتر بكەین".

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ داوای لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان کردووە هاوكار بێت بۆ ئەوەی "ئەمساڵ باسی كوردستان لە ناو راپۆرتە نێوخۆیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، باشتر بكرێن، لە بواری باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنوەسی و بیروڕا، داخوازیی رێكخراوەكانی ناوخۆ پشتگوێ نەخرێن چونکە پرەنسیپی رەخنە و چاودێریكردنی ئەدای دامەزراوە رەسمییەكان، حوكمڕانی بەهێز دەكەن نەك پێچەوانەكەی".


لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێوایە "رەخنەو چاودێریكردن وەك هەر پرسێکی دیکە دەبێت خزمەت بە حەقیقەت بكات نەك تەشهیر و چەواشەكاری. دەبێت هەمووان مافیان پارێزراو بێت لە پەنابردن بۆ یاسا، جا هاووڵاتیی بێت یان رۆژنامەنوس".

لە هەمانکاتدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پێشێلکارییەکانی رۆژنامەڤانانیش دەکات و دەڵێت" منیش پاڵپشتانم بەڵام كاتێك رۆژنامەنووس سنووری رەوشتی پیشەكەی خۆی دەبەزێنێت، دەبێت هەمووان كۆك بین لەسەر ئەوەی یاسای رۆژنامەگەری ئەو كەیسە چارەسەر بكات". سەبارەت بە مامەڵەی خراپیش دژی رۆژنامەنووسان نێچێرڤان بارزانی دەڵێت" پەنا بۆ دادگا بەرن ئێمە پشتیوانی بڕیاری دادگا دەكەین جا بەرامبەر هەر كەسێك بێت و لەهەر پۆستێكدا بێت".

لە بەشێکی دیدارەکەدا رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد كە لە 15ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە هەولێر بەرێوەچوو چەند رۆژنامەنوسێك و نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و سەنتەری میترۆ و سەندیكای رۆژنامەنووسان ئامادەی بوون كە كاك قوباد پشتیویانی بۆ رۆژنامەنوسان دەربڕی كە لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە پەنا بۆ یاسای گشتی نەبرێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە رایگەیاندووە: "دیارە لەم راپۆرتەیش بە زەقی باستان لەو دیاردەیە كردووە دەبێت یاسا سەروەر بێت، هەردوو یاسای رۆژنامەگەری و زانیاری کاریان پێبکرێت".

رێكخەری سەنتەری میترۆ چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم سەرۆكی هەرێی کوردستان كە پەیوەندیدارن بە باشكردنی بارودۆخی رۆژنامەنووسان و كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لەسزا لە تاوانەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان.
Top