گوتەبێژی حکوومەت: ئەوانەی لە پڕۆژەیاسای چاکسازی زەرەرمەندن دەیانەوێ لە گرنگییەکەی کەم بکەنەوە
لە میانی پرێس کۆنفرانسێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ١ی ٢٠٢٠ ئەنجامی دا، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت رای گەیاند: ”حکوومەت بڕیاری داوە و لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و پڕۆژەیاسای چاکسازی یەکەم هەنگاوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا هەندێک کەس هەوڵیان دا لە گرنگیی پڕۆژەیاساکە کەم بکەنەوە یان بەلاڕێیدا ببەن کە خۆیان زەرەرمەندبوون لە دەرچوواندنی ئەم یاسایە، بەڵام ”ئێمە وەک حکوومەت پاشگەز نابینەوە لێی“.
جەختیشی کردەوە کە ”ئامانجمان ئەوە نییە تەنها پارە بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنینەوە، بەڵکوو دەمانەوێت دادپەروەری بەدی بهێنین“.
لە بارەی کەسوکاری شەهیدانیشەوە، جووتیار عادل رای گەیاند: ”دڵنیایی بە خانەوادەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەدەین کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی مووچەکانیان ناکەین، بەڵکوو ڕێکی دەخەین، بەڵام ئەوانەی کە بە ناوی زیندانی سیاسی مووچە وەردەگرن و بەهیچ شێوەیەک زیندانی نەبوون، ئەوا مووچەکانیان هەڵدەوەشێتەوە“.
لەلایەن خۆیەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رای گەیاند کە یاساکانی تایبەت بە مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان لە دوای دەرچوونی پڕۆژەیاسای چاکسازیش هەر لە وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن و سەرجەم وارسی شەهیدان تا لە ژیاندا بن مووچەکانیان پێ دەدرێت، تەنیا ئەو زیندانییە سیاسییانە نەبێت کە فەرمانبەرن و ئەوانە تا ١٠ ساڵ مووچەیان پێ دەدرێت.
باسنيوز
