سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌شداریی كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس ده‌كات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌شداریی كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس ده‌كات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس کە لە 21 تاوەکو 24ـی ئەم مانگە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت بەشداردەبێت و باسی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەرهاویشتەکانی لەسەر سەقامگیریی عێراق دەکات.

بەپێی بەرنامەی کۆڕبەندەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 23ـی کانوونی دووەم لە پانێڵێکدا لەگەڵ هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، رۆبین نیبلێت، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی چاتەم هاوسی بەریتانی، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و عادل جوبەیر، وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ کاروباری دەرەوە قسە دەربارەی کاریگەریی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە قەیرانێکی جیهانییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی عێراق دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018ـەش وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەیاوەریی شاندێک بەشداریی لە کۆڕبەندەکە کرد.

رۆژی سێشەممە 21-1-2020 کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیهان لە داڤۆس لە وڵاتی سویسرا دەست بە کارەکانی دەکات و تاوەکو رۆژی 24ـی مانگ بەردەوامدەبێت.

مێژووی دروستبوونی ئەو دامەزراوەیەی سەرپەرشتی کۆڕبەندەکە دەکات، بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە و لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا کۆڕبەندەکە بووەتە شوێنێکی سەرەکی کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتان، بەرپرسانی کۆمپانیاکان، شارەزایانی بواری ئابووری و رۆژنامەنووسان و شارەزایانیی چەند بوارێکی دیکە.


Top