فڕۆکەکانی تورکیا چوار جار گوندێکی سنووری ئامێدییان بۆردوومانکرد
دلخاز سەرگەلی، دانیشتووی گوندی سەرگەلی نزیک گوندی سگێرێ راگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 08:30 خولەک بووە و فڕۆکەکانی تورکیا چوار جار گوندی سگێرێی سەر بە دەڤەری نھێل و قەزای ئامێدییان بۆردوومانکردووە.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە ھیچ زیانێک بەر خەڵکی مەدەنی نەکەوتووە، بەڵام دەنگی بۆردوومانەکە ترس و دڵەڕاوکێی لەلای هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیە دروستکردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شارۆچکەی دێرەلووک هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، بۆردوومانەکە بۆ ماوەی 20 خولەک بەردەوامبووە، ئەو ناوچانەی بۆردوومانکراون خەڵکی مەدەنییان لێنەبووە، بەڵام گوندەکانی نزیک شوێنی بۆردوومانەکە هەموویان ئاوەدانن و ترس بۆ خەڵک دروستبووە.
دەربارەی زیانەکانیش، ئەو سەرچاوە ئەمنییە کە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە گوتی، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
