كۆبوونەوەی ٢٦ وڵاتی یەكێتیی ئەورووپا لەسەر ئاڵۆزییەكانی سوریا و ڕۆئاوای كوردستان بەڕێوە دەچێت

كۆبوونەوەی ٢٦ وڵاتی یەكێتیی ئەورووپا لەسەر ئاڵۆزییەكانی سوریا و ڕۆئاوای كوردستان بەڕێوە دەچێت
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ٢٦ وڵاتی یەكێتیی ئەورووپا بڕیارە سبەی دووشەممە لەبارەی پرسی سووریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە و چاوەڕوانی بڕیاری گرنگین لە كۆبوونەوەكە بدرێن.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەی هەر ٢٦ وڵاتەكەی یەكێتیی ئەورووپا لە لۆگزامبۆرگ گرنگە، هەر وەزیرێك سیاسەتی وڵاتەكەی دێنێتە ئەوێ و باسی لێوە دەكەن، هاوكات پرسەکانی سووریا و عێراق لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەن و قسەیان لەبارەوە دەكرێت".

هاوكات ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش کرد: "كۆبوونەوەكە جگە لە گرنگییەكەی لە كاتێكی هەستیاریشدا دەبەسترێت، گرنگتر لەوانەش ئەوەیە كە دەبێ بڕیارێكی هاوبەش بەناوی هەموویانەوە بدرێت، هەروەها بەرنامەی كاریانە لەسەر ئەو ڕووداوانە، چ وەك وڵاتانی ئەورووپی لە ئەنجومەنی ئاسایشن و چ وەك ناتۆ كاریگەرییان لەسەر ئەو ڕووداوانە دەبێت لە ناوچەكەدا ڕوو دەدەن و بێگومان وڵاتانی یەكێتی ئەورووپاش كاریگەری زۆریان لەسەر ئەو بڕیارە هاوبەشە دەبێت کە دەردەچێت، بەتایبەت فەڕەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی تۆكمەی ئامادە كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هاتنی ئاوارەكان، بۆ ئێمەش وەك نوێنەرایەتیی حكوومەت نێردراوە و لای خۆمانەوە بۆ ناوەندەكانی یەكێتیی ئەورووپامان ناردووە و پێیان گەیشتووە، بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكەن، تا هەرێمیش لەڕووی مرۆییەوە هاوكاری و پێشوازی لە پەنابەران بكات".

دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش كرد: "كۆبوونەوەكە بۆ ئێمەش وەك هەرێم گرنگە، لەبەر ئەوەی دراوسێین و چاوەڕێین ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەر لە سوریاوە ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان، بۆیە چاوەڕوانین لە كۆبوونەوەكەی ٢٦ وڵاتی ئەندامی یەكێتیی ئەورووپادا بڕیارێك بدرێت لە بەرژەوەندی ئێمە بێت وەك هەرێم، چونکە پێشتر هەرێمی وکردستانی ئەزموونی لەمبارەوە هەیە و ئاوارەی ڕۆژئاوا ڕوویان کردووەتە هەرێمی کوردستان و ئێمەش دەبێ لەڕووی مرۆییەوە ئامادەکاری بکەین".











باسنیوز
Top