شاندێکی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.
بریارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ یەکشەممە 13-10-2019 شاندەکە لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، سەردانی بەغدا بکات..
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەت سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و وەزارەری بەرگریی ئەو وڵاتە، کۆ دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکانیدا، شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشانەوە دەکات، کە پەیوەندیدارن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
پێشتر چەندین کۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق کراوە بە تایبەت لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیونی ھاوبەش و پرچەککردنی پێشمەرگە.
بەپێ یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019، دەبێت ھەموو مانگێک حکوومەتی عێراق بری 68 ملیار دینار وەک بودجەی پێشمەرگە بنێرێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام نۆ مانگە ئەو بودجەیە نەنێردراوە.
باسنیووز
