بۆردوومانەکانی تورکیا کێشەی بۆ بەهاناوەچوونی بریندارەکان دروستکردووە
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکانی رۆژئاوای کوردستانیش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی بواری تەندروستی دەکات بە هانای خەڵکی ناوچەکەوە بچن.
جەنگین موراد، برینداری بۆردوومان و تۆپبارانەکانە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لەو سڤیلانەی بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا برینداربوون، چارەسەر وەردەگرن. دەڵێت نازانێت پارچەی هاوەن بووە یان هی تۆپ بووە کە بەریکەوتووە و برینداربووە، تورکیا شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بۆردوومان دەکات.
بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە ناوچەکە، کەرتی تەندروستی لە گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی و چارەسەرکردنی بریندارەکان رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی رایگەیاند، ئامبوڵانسێکیان لە سەرێ کانێ کراوەتە ئامانج.
لەو ئامبوڵانسەدا کە تورکیا کردوویەتییە ئامانج، پێنج کارمەندی تەندروستی برینداربوونە.
