مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەى سلێمانى داخرا

مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەى سلێمانى داخرا
مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی، کە دەیان وێنە و پەیکەر و جێماوەکانی زیندانییان و خۆڕاگریی شارەکەی دژ بە سیاسەت و زۆرداریی ڕژێمی بەعسی لەخۆ گرتووە، بەهۆی نەدانی مووچەی کارمەندان داخرا.

مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و لەباره‌ى باسکردنی هۆکاری داخستنی مۆزەخانەکە ئاشکرای کردووە: "دوای خۆڕاگرییەکی زۆری کارمەندانی مۆزەخانە کە زیاتر لە چوار مانگە مووچە و بودجەی مۆزەخانە ڕاگیراوە کە نەتوانراوە خزمه‌تگوزاریی بەشەکان و هۆڵەکانی مۆزەخانە بکرێت بەم هۆیەوە کێشەی هونەری و تەکنیکییان بۆ دروست بووە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌: "زۆرێک لە کارمەندان کرێچی و خاوەنی منداڵن و پێویستیان بە سەرچاوەی بژێویی ژیانە، کە بە ناچاری ڕۆژانە دەچن بۆ کاری کرێکاری تا بتوانن درێژە به‌ ژیانی ڕۆژانەیان بدەن".

ئەمنە سوورەکە کە لەلایەن ڕژێمی بەعس وەکو زیندانی و سەنتەری ئەشکەنجەدان لە سلێمانی بەکار دەهات، بەڵام لە ساڵی 1995دا کرایە مۆزەخانە، ئێستاش بەهۆی دابیننەکردنی بودجە و مووچەی شوێنەکە، بڕیاری داخستنی لە لایەن ستافەکەیەوە درا.












باسنيوز
Top