مستەفا چاوڕەش: گرنگە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

مستەفا چاوڕەش: گرنگە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
فەرماندەی یەكەی ٧٠ی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لایەنی عێراقی ”درۆمان لەگەڵدا دەکات“.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی و بەرپرسی یەكەی ٧٠ی سەربە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند: ”ئێمە ئامادەین بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، سەرەڕای ئەو هەموو كۆبوونەوەیەی ڕۆژانە لەگەڵ بەغدا دەیكەین، بەڵام عێراق درۆمان لەگەڵ دەكات“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە لایەنی عێراقی نایەوێت کورد ”تەنانەت بتوانێت سەری خۆی بخورێنێت“، حاكمەكانیان ڕەنگە وەك ئەوانەی پێش خۆیان بیر بكەنەوە و بەو عەقڵیەتەوە كار دەكەن.

فەرماندەی یەكەی ٧٠ی پێشمەرگە بە گرنگی دەزانێت، پێشمەرگە بچێتەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و لەوێ بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکات، ”ئەوەش بە بەرنامە دەكرێت نەك بە دروشم، دەبێ بۆ ئەوە هەموومان یەكگرتووبین و هێزەكانمان بەرنامەی باشی هەبێ، جگە لەوەش لەگەڵ عێراق ڕێككەوتن بكرێ“.

مستەفا چاوڕەش دەڵێت، ”ئەم وڵاتە بە پێشمەرگەوە جوانە، بەڵام لە كۆبوونەوەكاندا هەرچەندە قسە دەكرێ، کەچی ئەوانی دیكە ئاستەنگ دروست دەكەن“. گوتیشی: ”دەبێ هەموو لایەك، بە تایبەت یەكێتی و پارتی دابنیشن و بەرنامەیان هەبێ، هیوادارم بەرنامەیەكی وابێ كە میللەتەكەمان پێی ڕووسور بێ و ئێمەش هەروا“.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە تاوەکوو ئێستا، لە ئەنجامی خیانەتی گرووپێک و دەستێوەردانی وڵاتان، ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان کەوتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، بە هۆی نەمانی پێشمەرگەش لە ناوچەکە، کوردانی ئەو دەڤەرە، تەنانەت تورکمانەکانیش، ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تەعریب بوونەتەوە.










باسنيوز
Top