ئەمریكا دەڵێ هاوكاریكردن و چاكسازیكردن لە هێزی پێشمەرگەدا گرنگە
ئەمڕۆ 25-9-2019 مەسروور بارزانی، سەرۆكوزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیكرد لە مارشال بیلینگسلی، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەداركردنی تیرۆر.
بەپێی هەواڵی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ، لەو دیدارەدا، كە ستیڤن فەیگن، كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەیبوو، یاریدەردەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ، خۆشحالی خۆی بەرامبەر گەشەكردنی بەردەوامی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و رایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، بەتایبەتیش لە بواری رێكخستنەوە و پەرەپێدانی سیستەمی بانكیدا. جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوكاریكردن و چاكسازیكردن لە هێزەكانی پێشمەرگەدا.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا كرد، كە ئامانجی ئەوەیە ئابووری هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێت و تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت. هەروەها باسی گفتوگۆكانی كرد لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و، روونیكردەوە كە گفتوگۆكان لەسەر چەند ئاستێك بەردەوامن و بە باشی بەڕێوەدەچن، بە ئومێدی گەیشتنە رێككەوتنێك كە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان تێیدا پارێزراوبن.
مارشال بیلینگسلی، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، مانگی ئایاری ئەمساڵیش سەردانی بەغدا و هەولێری كرد. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەوكات رایگەیاند، كە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا پێداگیری لەسەر ئەوەكرد كە ئامادەن هاوكاری عێراق بكەن ، بۆ ئەوەی كەرتی ئابووری عێراق بەهێز بكەن و لەلایەن ناوەندە نایاسایی و ئاڵۆزكارەكانەوە بەكارنەهێندرێت.
