فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی: بەرژەوەندیی کوردستان و خوێنی شەهیدان لە کەسایەتییەکانی حزبەکان گرنگترە.

  فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی: بەرژەوەندیی کوردستان و خوێنی شەهیدان لە کەسایەتییەکانی حزبەکان گرنگترە.


سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دروستکردنی زۆنێکی یەکگرتووی زەیتوونیی کوردستانی دەکات.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ (رادیۆی دەنگی ئەمریکا)، رایگەیاندووە، بەرژەوەندیی کوردستان و خوێنی شەهیدان لە کەسایەتییەکانی حزبەکان گرنگترە.

فازڵ میرانی رەتی دەکاتەوە پارتی و یەکێتی شەڕی ناوخۆیی بکەنەوە و رایگەیاندووە، لەناو هەردوو حزبدا کەسانی ماندوو لە سەرکردایەتی هەن، کە دوای خوێنی شەهیدان، ئەوان بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ئەزموونی کوردستان و بە ئاسانی و بە ”شتێکی بچووک“ ئەو ئەزموونە ”تێک نادەن“.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بە بوونی خاڵی جیاوازیی زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکات، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خاڵی هاوبەشیشیان ”ئێجگار زۆرە“.

فازڵ میرانی دژایەتیی خۆی بۆ زۆنی زەرد و سەود رادەگەیەنێت و داوا دەکات ”لە بری دوو زۆن، کوردستان بکرێتە “زۆنی زەیتوونی“ و رایگەیاندووە، ” ئێمە هەر چواردەورمان ئاگرە بەهەرلایەکدا با بێت ئاگرەکە بەر ئێمە دەکەوێت بۆ بەدبەختی ئێمە با-یەکە بەوجۆرە نایەت کە ئاگرەکە لە ئێمە دور بخاتەوە“.

میرانی لە رووی مەبدەئەوە پشتگیریی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی سیاسیی بۆ کوردستان دەکات، کە لە کەسی یەکەمی حزبەکان پێک بێت و ئەوان راسپاردە بۆ بەهێزترکردنی ئەزموونی کوردستان، بدەنە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ئەزموونی زۆرە لەو بارەیەوە و باشترین کەسە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە و رایگەیاندووە، حزبەکان بە پارتیشەوە پێویستییان بە سەرۆک بارزانییە نەک بە پێچەوانەوە، ”ئێمە دەبێ خەڵک بۆ پۆست و ئیش بدۆزینەوە نەک پۆست و ئیش بۆ خەڵک بدۆزینەوە و جەنابی سەرۆک بارزانی ئەگەر پۆست و ئیش پێویستی بەو نەبێت، ئه‌و پێویستی به‌ ئیش و پۆست نیە“.








باسنیوز
Top