پەرلەمانى کوردستان زەمینەسازی بۆ ئامادەکردنی رەشنووسى دەستوور دەکات

پەرلەمانى کوردستان زەمینەسازی بۆ ئامادەکردنی رەشنووسى دەستوور دەکات
ئەندامێکى لێژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند بەمەبەستى دروستکردنى زەمینەیەکى لەبار بۆ نووسینەوەى رەشنووسى پڕۆژە یاساى دەستوور پەرلەمان هەوڵەکانى خستووەتەگەڕ بۆئەوەى لەم خولەدا کوردستان ببێتە خاوەنى دەستوورى خۆى.

خەدیجە عومەر ئەندامى لێژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان راگەیاند: "سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان هەوڵەکانى خستووەتەگەڕ بۆ رەخساندنى کەشێکى لەبارى سیاسى بۆ ئامادەکردنى رەشنووسى پڕۆژە یاساى دەستوورى هەرێم، بۆئەم مەبەستەش سەردانى کەسى یەکەمى پارتە سیاسییەکان کراوە بۆ ئەوەى کۆدەنگییەکى سیاسى لەهەرێم دروست بێت بۆ نووسینەوە و ئامادەکردنى دەستوورێک کە هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیى و سیاسییەکان خۆیانى تێدا ببینەوە و لەسەرى کۆک بن".

راشیگەیاند: "هەموو لایەن و پێکهاتە جیاجیاکانى کوردستان یەکدەنگن لەسەر ئەوەى ئێمە ببینە خاوەنى دەستوورى خۆمان بۆیە سەرۆکایەتى پەرلەمانیش هەوڵدەدات نووسنەوەى رەشنووسى دەستوور بکاتە پێشینەى کارەکانى و لێژنەى ئامادەکردنى دەستووریش نوێنەرى هەموو لایەنەکان لەخۆ بگرێت".

ئەو ئەندامەى لێژنەى یاسایى ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەندامانى لێژنەکە پێویستە کەسانى یاسایى بن و پسپۆڕییان لە یاساى دەستوورى هەبێت مەرجیش نییە سەرجەم ئەندامانى لێژنەکە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بن بەڵکو دەکرێت سوود لەکەسانى شارەزاى دەرەوەى پەرلەمان وەربگرین بۆئەوەى ببینە لەم خولەى پەرلەماندا کوردستان ببێتە خاوەن دەستوورى خۆى".
Top