پۆلیسی هەولێر کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی دایکی خۆی دەستگیردەکات

پۆلیسی هەولێر کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی دایکی خۆی دەستگیردەکات
پۆلیسی هەولێر رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە 15ـی ئەم مانگە لە گوندی مورتکە دایکی خۆی کوشت و دواتر هەڵاتبوو.

ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی دایکی خۆی ناوی ‏(خ.ا.ظ)ـە، تەمەنی 19 ساڵانە و بەرەچەڵەک عەرەبە، دوای رووداوەکەش بۆ شارۆچکەی شەرگات لە نەینەوا هەڵاتووە.

عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر راگەیاند: ئەو کەسە هەڵاتبوو بۆ شارۆچکەی شەرگات و دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر دەستگیریان کردووە.

بە گوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە بەهۆی دەستکاریکردنی دەمانچەکەیەوە فیشەک لە دەستی دەرچووە و بەر دایکی کەوتووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.

ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و ئەو کەسە بەپێی بڕیاری دادوەر و بەماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
Top