پەکەکە رێگری له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ بچێته‌ ناو دوو گوندی بناری قندیل

پەکەکە رێگری له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ بچێته‌ ناو دوو گوندی بناری قندیل
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوی شەڕە تەقەی نێوان دانیشتووانی دوو گوندی بناری قەندیل، هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین چوونەتە سنوورەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان چەکدارانی پەکەکە رێگریان لە هێزە ئەمنییەکان کردوە داخڵی گوندەکان ببن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر پووش و پاوان، دانیشتووانی گوندەکانی قەڵاتووکان و دەشتێوان لە بناری قەندیل شەڕە تەقە لەنێوانیان دروست بووە و بەو هۆیەوە کەسێك کوژراو دوو کەسی دیكه‌ بریندار بوون.

شایەتحاڵەکان راگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە چوونەتە ناوچەکە، بەڵام چەکدارانی پەکەکە رێگەیان بەهێزە ئەمنییەکانی ڕاپەڕین نەداوە بچنه‌ ناو گوندەکان.

شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا بارودۆخە تاڕادەیەك ئارام بووه‌تەوە و دەنگی تەقە نابیسترێ، بەڵام لە ئەگەری ڕێگەنەدان بەهێزه ئەمنییەکان، مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕە تەقە هەیە، لەکاتێکدا تائێستا تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون و هەرسێ بریندار و کوژراوەکەش هی یەک گوندی بەرامبەر و یەك خێزانن.
Top