"پارتی و یەکێتی یەک لیستی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنی مووسڵ لا گرینگە"
بەرەکات شەمۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: "ئێمە لە مووسڵ لەگەڵ لیستێکی هاوبەشی کوردداین بۆ ئەوەی بتوانین سەنگی کورد لە شارەکەدا بپارێزین."
گوتیشی: "ئێستا دەیانەوێ هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی ئیدارییەوە کورد لە شاری مووسڵدا نەمێنێت، بۆیە ئێمە پێمان باشە کورد بە یەک لیست دابەزێتە هەڵبژاردنەکان."
شەمۆ، ئاماژەیشی دا: "ئێستا هەوڵ هەیە لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە نەینەوا بگەینە ڕێککەوتن و بە لیستێکی هاوبەش دابەزین."
لەو بارەیەشەوە، داود جوندی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ: "بۆ یەکەم جار سوننە و شیعە لە پەرلەمانی عێراقدا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بوونەتە یەک، ئەمەش لە مووسڵ و کەرکووک زیانی بۆ کورد دەبێت."
داود جوندی گوتی: "چونکە ئەو خاڵانەی ئەو یاسایە لە هەردوو پارێزگاکە دژی گەلی کورد بوون، ئێستا دەستپێشخەرییەک لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژارنەکان بە لیستێکی هاوبەش دابەزن، ئەمەش هەنگاوێکی باشە و ئێمەش لەگەڵ لیستی هاوبەشداین."
