لە سنووری پیرانشار و شنۆ سێ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون

لە سنووری پیرانشار و شنۆ سێ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون
سێ کۆڵبەری دیکە لە سنووری شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی٩ی٢٠١٩ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری کێلەشین تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێکیان کوشتووە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار کراوە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کە لە مەودای نزیکەوە تەقەی لێ کراوە و گیانی لە دەست داوە "ڕێبوار عومەرزادە" خەڵکی پوشاوێ ڕاگەیاندووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کێلەشین کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ڕەسووڵ گۆران" خەڵکی کانی‌ڕەش بە سەختی بریندار بووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو هێزەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و کەسێک بەناوی “مەجید خالیدزادە” تەمەن ٢٨ ساڵان و کوڕی عەبدوسەلام بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ ناوەندە دەرمانیەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و لەژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە.













باسنيوز
Top