بەرپرسێکی یەکێتی: چەند ڕۆژێکی دیکە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و کێشەکانیان چارەسەر دەکەن

بەرپرسێکی یەکێتی: چەند ڕۆژێکی دیکە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و کێشەکانیان چارەسەر دەکەن
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، چەند ڕۆژێکی دیکە، حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر دەکەن.

حاجی مەسیفی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی ڕايگەیاند، یەکێتی و پارتی دوو حزبی گەورەی کوردستانن، هەردووکیان پێویستییان بە یەکتری ھەیە و ناکرێت خۆیان تووشی کێشەی سیاسی بکەن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ”خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندیی یەکێتی و پارتی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، ھەردوولا ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن".

حاجی مەسیفی ڕوونی کردەوە، تاوەکوو ئێستا، یەکێتی و پارتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرژییانە کۆنەبوونەتەوە، بەڵام ”پەیوەندیی تەلەفۆنی ھەبووە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە و چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانەی کە ڕوویانداوە، بدۆزنەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت: ”شەڕی ناوخۆمان تاقی کردەوە، بەڵام چیتر ئەو کارەساتە ڕووناداتەوە و ھەموو لایەک حەز دەکات یەکێتی و پارتی لە یەکتری نزیک ببنەوە نەوەکوو لەیەکتری دوور بکەونەوە، چونکە دوورکەوتنەوەی یەکێتی و پارتی بۆ داھاتووی میللەتەکەمان باش نییە".

هاوکات ئەوەی نەشاردەوە کە ئەو کەسانەی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ”دەھۆڵی شەڕی ناوخۆ لێ دەدەن“، کەسانی ھەلپەرست و بەرژەوەندیخوازن.

بە دووریشی نەزانی کە ”ڕەنگە نانیان لەوەدابێ شەڕی ناوخۆ ڕووبدات، چونکە کاتی خۆیشی خەڵکانێک سوودیان لە شەڕی ناوخۆ بینی، ئێستاش ئەو جۆرە کەسانە ماون کە حەزدەکەن ئەو مێژووە خراپە دووبارە بێتەوە، بەڵام سەرکردایەتیی ھەردولا سەرکردایەتییەکی حەکیمە، ھەرگیز ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە نادەن".












باسنيوز
Top