مەسروور بارزانی: کێشەی خەڵکی کوردستان تەنیا بودجە و مووچە نییە
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پێشکەوتن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا هەیە و هیوادارن لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەشێوەیەک پرەنسیپەکانی هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لەبەرچاوبگیرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لەسەر سێ تەوەر "زانیاری پێویستیان لەبارەی ماف و داخوازییە دەستوورییە پێشیلکراوەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان خستەڕوو".
دەقی خاڵەکانی راگەیێندراوەکە:
یەکەم: سەبارەت بە نەوت و رادەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردەدەکرێت و شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتی مانگانەی نەوت کە بۆ مووچە خەرجدەکرێت، زانیاریی ورد و پێویست خرانەڕوو . ئەم زانیاریانەش بەشێکە لە پرۆژەی وردبینی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لایەن کۆمپانیای نێودەڵەوتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەکراوە و سیاسەتی شەفاف و ئاشکرایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری نەوت و گازدا.
دووەم: قەرزەکان: سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکە لە دۆسیەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. هۆکاری سەرەکی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینکردنی خەرجی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پابەندبوون بەو ئیلتیزاماتە دەستووریانەی کە لە ئەستۆیدایە، لە هەمانکاتدا بە هیچ شێوەیەکیش ساز لەسەر ماف و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناکات.
