حکومەت 18 پرۆژەیاسا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

حکومەت 18 پرۆژەیاسا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات
رۆژی 1ـی ئەیلوول خوولی یاسادانانی پایزەی ساڵی یەکەمی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.

پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە و خانەنشینی چەقی لێوردبوونەوەی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە. جگە لە پرۆژەیاسای چاکسازی، بڕیارە حکومەت 18 پرۆژەیاسای دیکە لە کەرتە جیاوازەکان بۆ پەرلەمان بنێرێت، کە دەبێتە کاری لە پێشینەی لایەنە بەشداربووەکانی دەسەڵات بۆ پەسندکردنیان.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش، جگە لەو پرۆژەیاسایانەی لە سێکتەرە جیاوازەکان ئامادەیانکردوون، کاردەکەن بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای چاکسازی و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی فیدراڵی و پاڵپشتیکردنی هەوڵی دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە.

لەم خوولەی پەرلەماندا تەنیا هەمواری هەردوو یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و بڕیاری رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەسندکراون.

هەروەها 28 پرۆژەیاسا لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانن بۆ پەسندکردنیان، هەشت لەوانە دەچنە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەیان نێردراونەتەوە بۆ حکومەت، لەوانە پرۆژەیاسای سندووقی خانەنشینی، میکانیزمی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و هەمواری یاسای وەبەرهێنان.

بەشێک لە خەڵک بە گرنگییەوە دەڕواننە خوولی پایزەی پەرلەمان، چاوەڕوانن لەو خوولەدا ئەو یاسایانە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێ و تێپەڕێندرێن کە دەبنە هۆی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک و مووچەخۆران.
Top