بەرەڤان حەمدی: لەسەر بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش ھەرێم ڕێککەوتنی سێ لایەنەی کردووە
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەباسی دیکۆمێنتەکان دەڵێ، لەسەرەتای ھێرشەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر پێکھاتەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای دامەزراند و لەو چوارچێوەیەدا دەستەیەکی لێکۆڵینەوەش بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنتی تاوانەکانی گرووپی تیرۆرستیی داعشی لە شاری دھۆک دامەزراند، دەستەی لێکۆڵینەوە، بەڵگە و دیکۆمێنتی باشی وەدەست کەوتووە و لێکۆڵینەوەشی لە تاوانەکان کردووە."
بریکاری وەزارەتی شەھیدان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "دوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرۆکێک بۆ تیمی نێودەوڵەتیی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش دەستنیشان کرا، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی بەغدای کرد و دواتر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی کاروباری شەھیدانیش کۆ بوونەوە ئەنجام درا، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان ڕاگەیاندین بەڵگە و لێکۆڵینەوەکانی دەستەی ھەرێمی کوردستان سوودی زۆری دەبێت بۆ کەیسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش."
ناوبراو ئەوەیشی نەشاردەوە کە پێشتر ڕێککەوتنی سێ قۆڵی ھەبووە بۆ کارکردن لەسەر تاوانەکانی داعش و دەڵێت: "ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بۆ ئەوەی ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی نموونەی خوێنی قوربانیان بکرێتەوە، تا سوودی لێ وەربگریت بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، حەفتەی ڕابردوو لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و پابەندیی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر بووە، نموونەی سەدان قوربانیی دەستی داعش ڕادەستی پەیمانگای پزیشکیی دادی بەغدا کرا، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە بوو لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان سوودی لێ وەربگیرێت بۆ ئەوەی کەیسی ئەو قوربانیانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت."
حەمدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش زیاتر لە یەکھەزار و ٦٠٠ کارتی خوێن و بەڵگەی دیکەی ڕادەستی پزیشکیی دادی بەغدا کردووە، ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ڕژدین لەسەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ھاوکارە بۆ ئەوەی پرسی تاوانەکانی داعش بە جینۆساید بناسێندرێت."
kdp -
