ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت پاش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەم شێوەیە دەبێت
بەھمەن کاکە عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕايگەیاند: هیچ وادەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت دیاری نەکراوە، بەڵام “ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان خەریکی دروستکردنی لێژنەیەکی یاسایین، ئەو لێژنەیە ئەگەر دروست نەبێ، ئەوا سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاستەنگی بۆ درووست دەبێت، بۆیە ئەگەر ھەیە ھەفتەی داھاتوو بابەتی لێژنەکە یەکلایی ببێتەوە“.
لەلایەن خۆیەوە، بەسام عەلی، شارەزا لە بواری یاسا، ڕايگەیاند: ”پەرلەمانی کوردستان کە دەستی بە دروستکردنی لێژنەیەکی یاسایی کردووە، یەکەم ھەنگاو دەبێ یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارا بکاتەوە، هەروەها پێویستە لە یاساکە ئاماژە بە چەند شتێک بکرێت، لەوانە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ھەرێم بدرێتەوە بە پەرلەمان و لە ناوخۆی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، ھەروەھا ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕێژەی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک چەندە؟“.
ڕوونی کردەوە کە پێویستە بۆ داھاتوو، لەناو یاساکەدا کاتێک دیاری بکرێت، تاوەکوو لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ماوەیەک دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ و لەناو ھۆڵی پەرلەماندا سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرێت، ڕێوشوێنەکانی دیکەش لەناو یاسا کۆنەکەدا ھەیە.
ئەو شارەزایەی بواری یاسا قۆناغی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و باسی لەوە کرد: ”سەرۆکی ھەرێم کاندیدی لیستی زۆرینە ڕادەسپێرێ بۆ پێکھێنانی حکوومەت، ئەویش ماوەی ٣٠ ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ ئامادەکردنی کابینەکەی“.
باسنيوز
